Mute

له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ سه‌گ‌و پشیله‌ هه‌ن كه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان بڵاون، ئه‌مانه‌ زۆرجار له‌لایه‌ن منداڵ‌و گه‌وره‌كانه‌وه‌ ئازار ده‌درێن‌و ده‌بێت به‌بێ‌ لانه‌ به‌رگه‌ی‌ گه‌رمای‌ هاوین‌و سه‌رمای‌ زستان بگرن، به‌ڵام چه‌ند گه‌نجێك خه‌می‌ ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌یان گرتووه‌ته‌ كۆڵ.


لێره‌ ده‌می‌ هه‌ر كه‌سێك ده‌كه‌یته‌وه‌و باسی‌ مافی‌ ئاژه‌ڵانیان له‌لا ده‌كه‌یت، یه‌كسه‌ر پێت ده‌ڵێن "بۆ مافی‌ مرۆڤه‌كان زۆر دابین كراوه‌ تا نۆره‌ی‌ مافی‌ ئاژه‌ڵ بێت؟" به‌ڵام چه‌ند گه‌نجێك هه‌ن به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌م ئاراسته‌یه‌وه‌ بیر ده‌كه‌نه‌وه‌.

 

 

رێبه‌ر عومه‌ر (20 ساڵ) هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ر گوێ‌ ده‌كه‌وێت كه‌ ئاژه‌ڵه‌كان به‌تایبه‌تی‌ سه‌گ‌و پشیله‌ گڵاوو پیسن، به‌ڵام ئه‌و قسانه‌ بۆ ئه‌و قه‌ناعه‌تپێكه‌ر نین‌و هه‌میشه‌ له‌بیری‌ ئه‌وه‌دا بووه‌ تۆ بڵێی‌ رۆژێك بێت بتوانی‌ شتێ‌ له‌ژیانی‌ ئاژه‌ڵه‌ به‌ره‌ڵاكان بگۆڕێت؟ هێشتا هه‌رزه‌كار ده‌بێت كه‌ له‌سه‌ر پاره‌ی‌ گیرفانی‌ خۆی‌ چاره‌سه‌ری‌ چه‌ند ئاژه‌ڵێك ده‌كات، ئه‌و ده‌ڵێت "ئازار ده‌چێژم ئاژه‌ڵێك ده‌بینم ئازار ده‌درێت ئه‌وانیش وه‌كو ئێمه‌ن، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌یه‌ زمانیان نییه‌ قسه‌ بكه‌ن".

 

رێبه‌ر دانیشتوی‌ شاری‌ سلێمانییه‌، ژیانێكی‌ جیاوازی‌ له‌هاوته‌مه‌نه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردووه‌و خۆی‌ ته‌رخانكردووه‌ بۆ به‌هاناوه‌چوون‌و چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌ژه‌ڵه‌ به‌ره‌ڵاكان به‌شێوه‌یه‌كی‌ خۆبه‌خشانه‌.

له‌هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند ساڵێكه‌ به‌خێوكردنی‌ ئاژه‌ڵی‌ ماڵی‌ خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ مۆدێل، زۆرێك له‌ماڵان سه‌گ یان پیشله‌‌و یاخود په‌له‌وه‌ر بۆ جوانی‌ له‌ماڵه‌كانیان داده‌نێن، به‌ڵام ئه‌مه‌ نه‌بووه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ژیانی‌ سه‌گ‌و پشیله‌ی‌ كوردی‌ گۆڕانی‌ به‌سه‌ردا بێت.

سه‌ڕه‌ڕای‌ گیرۆده‌بونی‌ سه‌گ‌و پشیله‌كان به‌ده‌ستی‌ نه‌خۆشی‌‌و نه‌بونی‌ چاره‌سه‌ر‌و دابینه‌كردنی‌ شوێنی‌ مانه‌وه‌ بۆیان، زۆرێكیش چاره‌نوسیان ڕوبه‌ڕوی‌ مه‌ترسی‌ ده‌بێته‌وه‌‌و له‌و شه‌قامانه‌ی‌ كه‌ شۆفێره‌كان به‌تیژڕه‌وی‌ ئۆتۆمبێله‌كانیان لێده‌خوڕن كۆتایی‌ به‌ ژیانیان دێت.

دیمه‌نێكی‌ دیكه‌: خاوه‌نی‌ ئاژه‌ڵه‌ ماڵییه‌كان هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك له‌به‌غدا كۆده‌بنه‌وه‌ بۆ نمایشكردنی‌ ئاژه‌ڵه‌كانیان

 

 

له‌شاره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌شێك له‌سه‌گه‌كان له‌ كه‌لاوه‌ یاخود خانوه‌ ته‌واو نه‌كراو ‌و ده‌شت‌و ده‌ردا ده‌ژین‌و هه‌ر له‌و شوێنانه‌ش زاوزێ‌ ده‌كه‌ن‌و ئه‌وه‌ش واده‌كات بێچوه‌كان له‌دایكه‌كانیان زیاتر روبه‌ڕوی‌ مه‌ترسی‌ ببنه‌وه‌.

دۆخی‌ پشیله‌كان تاڕاده‌یه‌ك له‌سه‌گه‌كان باشتره‌ ئه‌وان نزیك له‌ئاوه‌دانی‌‌و زۆرێكیان له‌سه‌ربانی‌ ماڵان‌و كوچه‌‌و كۆڵان‌و نێو بازاڕه‌كاندا ده‌ژین‌و له‌ڕووی‌ خواردنیشه‌وه‌ دۆخیان له‌سه‌گه‌كان باشتره‌، بێچوه‌ پشیله‌كانیش به‌راورد به‌ توتكه‌ سه‌گه‌كان له‌گوزه‌رانێكی‌ باشتردان.

ته‌رزه‌ عومه‌ر (28 ساڵ) هاوكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی‌ رێبه‌ر عومه‌ر، كار ده‌كات بۆ كۆتایهێنان به‌ پێشێلكردنی‌ مافی‌ ئاژه‌ڵه‌كان، ده‌ڵێت "كاره‌كه‌ی‌ ئێمه‌ بۆ رزگاركردنی‌ هه‌موو جۆره‌ ئاژه‌ڵێكه‌ به‌تایبه‌ت ئاژه‌ڵی‌ سه‌ر جاده‌‌و بێ‌ خاوه‌ن".

ته‌رزه‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت "روبه‌ڕوی‌ هه‌موو قسه‌یه‌كی‌ ناخۆش ده‌بمه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م ئیشه‌ی‌ ئێمه‌ تازه‌یه‌‌و له‌كۆنیشه‌وه‌ واباوه‌ ئاژه‌ڵه‌ به‌پیس‌و خراپ سه‌یركراوه‌".











رۆكی‌ (له‌وێنه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه‌).   چه‌ند مانگێك به‌ر له‌ئێستا بێچوویه‌كی‌ بێ‌ دایك له‌كه‌لاوه‌یه‌كدا بووه‌و به‌ره‌و ئه‌وه‌ چووه‌ كه‌ گیان له‌ده‌ست بدات، كاتێك كۆمه‌ڵه‌ی‌ ساڤۆی‌ لێ‌ ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وان ده‌یگرنه‌ خۆ.. سه‌ره‌تا رۆكی‌ ناوی‌ "بۆره‌" بووه‌، به‌ڵام خاوه‌نه‌ نوێیه‌كه‌ی‌ رۆژگار حه‌مه‌جه‌زا (22 ساڵ) ناوه‌كه‌ی‌ گۆڕییوه‌.

رۆكی‌ ته‌مه‌نی‌ نۆ مانگه‌‌و ئێستا له‌گه‌ڵ رۆژگار وه‌ك دوو هاوڕێی‌ نزیكیان لێهاتووه‌، رۆژگار وه‌ك خۆی‌ (به‌نیقاش)ی‌ وت خولیای‌ به‌خێوكردنی‌ ئاژه‌ڵه‌‌و خۆشه‌ویستیه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ بۆ سه‌گ‌و پشیله‌ هه‌یه‌.

.




 


رێبه‌ر‌و ته‌رزه‌، ڕێكخراوێكیان دامه‌زراندوه‌ به‌ناوی‌ "كۆمه‌ڵه‌ی‌ خۆبه‌خشی‌ ساڤۆ"، له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك په‌یجێكیان هه‌یه‌‌و رۆڵی‌ پردی‌ په‌یوه‌ندیش ده‌بینن له‌نێوان مرۆڤ‌و ئاژه‌ڵه‌كاندا.

خه‌ڵك نامه‌یان بۆ ده‌نێرێت‌و له‌ بونی‌ سه‌گێك یاخود پشیله‌یه‌ك كه‌ بێ‌ لانه‌‌و خاوه‌نه‌ ئاگاداریان ده‌كاته‌وه‌ ئه‌مانیش ده‌چن به‌ده‌م ئاژه‌ڵه‌كه‌وه‌‌و ده‌یهێننه‌وه‌ بۆ ئه‌و خانوه‌ی‌ له‌ناو شاری‌ سلێمانیدا به‌كرێیان گرتوویانه‌ به‌ 250 دۆلار له‌مانگێكدا، دوای‌ پێدانی‌ خواردنی‌ پێویست ده‌یبه‌ن بۆ ڤێته‌رنه‌ری‌ بۆ پشكنین‌و دواتریش پێدانی‌ ده‌رمانی‌ پێویست.

سه‌گ‌و پشیله‌كان له‌ژێر چاودێرییدا ده‌مێننه‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ چاك ده‌بنه‌وه‌، هه‌ر له‌رێگه‌ی‌ په‌یجه‌كه‌وه‌ وێنه‌ی‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌‌و داوا له‌فانه‌كان ده‌كرێت هه‌ر كه‌سێك ئاماده‌یه‌ سه‌گه‌كه‌ یاخود پشیله‌كه‌ به‌خێوبكات با سه‌ردانیان بكات‌و وه‌ریبگرێت.

هه‌ر كه‌سێك سه‌گ یان پشیله‌یه‌ك له‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ وه‌ربگرێت به‌ڵێننامه‌ی‌ پێ پڕده‌كرێته‌وه‌‌و به‌مه‌رجی‌ پاراستنی‌ ته‌ندروستی‌‌و ژیانی‌ ده‌درێت به‌و كه‌سه‌ی‌ كه‌ داوای‌ ده‌كات.


میمی: سێ‌ مانگ به‌ر له‌ئێستا له‌گوزه‌رانێكی‌ زۆر خراپدا بووه‌و نه‌خۆش‌و زامداربووه‌و به‌ده‌ست منداڵانه‌وه‌ ئازاردراوه‌، به‌ڵام كۆمه‌ڵه‌ی‌ ساڤۆ گرتویانه‌ته‌ خۆ، دواتر داویانه‌ به‌گه‌نجێكی‌ (23 ساڵ) به‌ناوی‌ دێرین خه‌لیل.

مه‌سعود بابه‌شێخ، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ ڤێته‌رنه‌ری‌ سلێمانی‌ تایبه‌ت، هاوكاری‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ خۆبه‌خشی‌ ساڤۆیه‌، له‌باره‌ی‌ كاره‌كه‌وه‌ ده‌ڵێت "پشكنینه‌كان به‌بێ‌ به‌رامبه‌ر بۆیان ده‌كه‌م‌و یه‌ك له‌سه‌ر چوار نرخی‌ ده‌رمانه‌كانیشیان لێوه‌رده‌گرم".

ده‌شڵێت "كاری‌ له‌م شێوه‌یه‌ له‌كوردستاندا كه‌مه‌، ئه‌وه‌ی‌ ده‌یكه‌م وه‌كو ئه‌ركێكی‌ مرۆیی‌ به‌رامبه‌ر ئاژه‌ڵه‌كانه‌ جێبه‌جێی‌ ده‌كه‌م".

مه‌سعود بابه‌شێخ، پێنج پزیشكی تری‌ له‌گه‌ڵدان‌و جگه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ساڤۆ هاوكاری‌ هه‌ر كه‌سێك یان ڕێكخراوێكی‌ تریش ده‌كه‌ن كه‌ له‌بواری‌ پاراستنی‌ ئاژه‌ڵاندا كاربكات.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

هه‌ر كه‌سێك سه‌گ یان پشیله‌یه‌ك له‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ وه‌ربگرێت به‌ڵێننامه‌ی‌ پێ پڕده‌كرێته‌وه‌‌و به‌مه‌رجی‌ پاراستنی‌ ته‌ندروستی‌‌و ژیانی‌ ده‌درێت به‌و كه‌سه‌ی‌ كه‌ داوای‌ ده‌كات.هه‌ر كه‌سێك سه‌گ یان پشیله‌یه‌ك له‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ وه‌ربگرێت به‌ڵێننامه‌ی‌ پێ پڕده‌كرێته‌وه‌‌و به‌مه‌رجی‌ پاراستنی‌ ته‌ندروستی‌‌و ژیانی‌ ده‌درێت به‌و كه‌سه‌ی‌ كه‌ داوای‌ ده‌كات.

 

 

ئه‌و كاته‌ی‌ تیمی‌ "نیقاش" سه‌ردانی‌ لانه‌ی‌ ئاژه‌ڵانی‌ كرد، كه‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ساڤۆ له‌سه‌ر گیرفانی‌ خۆیان به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌به‌ن، رێوییه‌ك به‌ته‌نیا له‌شوێنیكی‌ تایبه‌تدا ده‌ژیا، رێبه‌ری‌ خۆی‌ له‌ژێر پرده‌كه‌ی‌ سلێمانی‌ - شوێنی‌ فرۆشتنی‌ ئاژه‌ڵ‌و په‌له‌وه‌ر-  به‌ 27 هه‌زار دینار كڕیویه‌تی‌ ئه‌و كات نه‌خۆش بووه‌ به‌ڵام ئێستا ته‌ندروستی‌ باشه‌.

 


 

میمی‌ + دێرین خه‌لیل:  ئێستا میمی‌ له‌ژیانێكی‌ خۆشدایه‌و دێرین ده‌ڵێت پشیله‌كه‌ی‌ زۆر خۆش ده‌وێت وه‌كو هاوڕێیه‌ك له‌گه‌ڵیدایه‌‌و هه‌ر له‌سه‌ر جێگاكه‌ی‌ خۆی‌ ده‌یخه‌وێنێت. میمی‌ سه‌ره‌تا زۆر لاواز بووه‌، به‌ڵام ئێستا ته‌ندروستی‌ زۆر باشه‌و كێشیشی‌ زیادی‌ كردووه‌.



هه‌ر له‌وێش سێ‌ سه‌گ هه‌بوون به‌ناوه‌كانی‌ "سۆزی‌، رۆنی‌، لۆكه‌" له‌وێبوون.. سۆزی‌ توشی‌ نه‌خۆشی‌ بووه‌‌و سێ‌ بۆ چوار مانگ ده‌بێت له‌ژێر چاودێرییدایه‌، رۆنی‌ ئۆتۆمبێل لێیداوه‌‌و حه‌وزی‌ شكاوه‌ له‌ مانگی‌ ته‌مووزی‌ ساڵی‌ پاره‌وه‌ (2016) له‌ ژێر چاودێرییدایه‌ هێشتا ناتوانێت به‌ته‌واوه‌ی‌ له‌سه‌ر پێیه‌كانی‌ بڕوات.. لۆكه‌ ڤایرۆس لێیداوه‌‌و دوو مانگه‌ له‌ژێر چاودێرییدایه‌، سێ‌ پشیله‌ش له‌نێو هه‌مان ئه‌و ژوره‌دا بوون كه‌ ڕێبه‌ر شه‌وان تێدا ده‌نوێت، دوانیان كوردی‌‌و ئه‌ویتریشیان شیرازی‌.


كۆمه‌ڵه‌ی‌ خۆبه‌خشی‌ ساڤۆ، ئه‌ندامی‌ هیچ سه‌ندیكایه‌ك نیه‌‌و په‌یوه‌ندیشیان به‌داموده‌زگا حكومیه‌كانه‌وه‌ نییه‌، رێبه‌ر عومه‌ر، جگه‌ له‌وه‌ی‌ خۆشحاڵه‌ به‌وه‌ی‌ خه‌ڵك پێشوازی‌ گه‌وره‌ له‌كاره‌كه‌یان ده‌كه‌ن‌و به‌پیرۆز ناوی‌ ده‌به‌ن

 

 "بۆ ده‌ستخۆشی‌‌و ده‌ستخستنی‌ پاره‌ ئه‌م كاره‌ ناكه‌م ‌و ده‌مه‌وێت ویژدانی‌ خۆم ئاسوده‌ بكه‌م".

 

 

 





 

راپۆرتی‌: مه‌عاز فه‌رحان - فۆتۆكان: زمناكۆ ئیسماعیل - له‌سلێمانییه‌وه‌


Tweet